رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، بۆ سێیەم جار هێرشی چەکداری کرایە سەر لقەکانی (ئۆتۆکۆچ) و (یاپی کریدی بانک) کە سەر بە کۆچ هۆڵدینگن.
دوای ئەو نوکتەیەی سەرمایەداری تورک (رەحمی کۆچ)، لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکدا لە ئیزمیر و بە ئامادەبوونی بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا گێڕایەوە و کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، پێنج جار هێرشی چەکداری کراوەتە سەر لقەکانی کۆچ هۆڵدینگ.
لە ئیستەنبووڵ دووجار و لە ئانتاڵیاش جارێک هێرشی چەکداری کراوەتە سەر لقەکانی ئۆتۆکۆچ. لە ئامەدیش دوو هێرشی چەکداری کرابووە سەر لقی ناوچەی سووری یاپی کریدی بانک و ئامێرێکی پارە راکێشانی هەمان بانک کە سەر بە کۆچ هۆڵدینگن.
سێیەمین هێرش لە ئامەد، بەیانی رۆژی چوارشەممە، 10 ـی حوزەیرانی 2026، کرایە سەر نوێنەرایەتیی ئۆتۆمبێلی ئۆتۆکۆچی سەر بە گرووپی کۆچ. لەو هێرشە چەکدارییەدا کە لەلایەن کەسی نەناسراوەوە کراوە، هیچ کەسێک بریندار نەبوو، بەڵام زیانی مادی بەر باڵەخانەکە کەوتووە.
تیمەکانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری هێرشەکە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە.
رەحمی کۆچ، دوای نوکتەکەی لە دژی ژنانی کورد، داوای لێبووردنی کرد.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندبوو، لەبارەی رەحمی کۆچەوە لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەش کاردانەوەی بەرامبەر بە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەبارەی رەحمی کۆچەوە نیشان دابوو.
چی روویدا؟
رەحمی کۆچ، بازرگانی ناسراوی تورکیا رۆژی هەینی، 5-6-2026، لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەک لە ئیزمیر نوکتەیەکی لەبارەی ژنێکی کورد گێڕایەوە کە مشتومڕ و کاردانەوەی زۆری لە نێو رای گشتیدا درووستکرد.
رەحمی کۆچ، سەرۆکی فەخریی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ هۆڵدینگە، کە گەورەترین گرووپی کۆمپانیاکانی تورکیایە، لە گێرانەوەی نوکتەکەیدا گوتبووی:"ژنێکی کورد باسی نەخۆشییەکەی خۆی بۆ دکتۆرێک دەکرد و هەوڵی دەدا تێی بگەیەنێت. دکتۆرەکەش گوتوویەتی:"دەی کەوایە جلەکانت داکەنە هەتا پشکنین بکەم"، گوایە ژنەکە گوتوویەتی:"نا دکتۆر. سەرەتا تۆ دایکەنە!".
دەم پارتی و 16 سەندیکای پارێزەران لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان و ئامەدسپۆر، سکاڵای یاساییان لە دژی رەحمی کۆچ تۆمار کرد و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی لە ئیزمیر، لەبارەی بابەتەکەوە بە تۆمەتی "بێڕێزیکردنی ئاشکرا بە بەشێک لە خەڵک بەپێی جیاوازیی چینی کۆمەڵایەتی، ڕەگەز، ئایین، مەزهەب، جێندەر یان ناوچە" لێکۆڵینەوەی لەگەڵ رەحمی کۆچ دەستپێکرد.
ئەگەرچی رەحمی کۆچ داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند کە بە هیچ جۆرێک مەرامێکی چەپەڵی لە گێڕانەوەی ئەو نوکتەیەدا نەبووە، بەڵام بەشێک لە کوردان دەڵێن، دەبێ ئەو داوای لێبوردنە بە فەرمی بێت و دواتریش لە بەرامبەر یاسا ئەستۆپاکیی خۆی لەمبارەیەوە بەدەستبهێنێت.

