رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دیاریکردنی 120 ملیار دینار وەک پشکی مانگانەی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ بنەمایەکی زانستی نەبووە؛ راشیگەیاند، داوا دەکەین نیوەی داهاتی هەرێمی کوردستان بدرێتە بەغدا.
رۆژی چوارشەممە، 10-06-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە پەراوێزی رێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی گەنجان لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر هەندێک مژاری گرنگی وەک پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، داهاتی ناوخۆیی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە کردنەوەی ناوەندەکە پەیامێکی ئاراستەی گەنجان کرد و رایگەیاند: ''هیوادارم سەرکەوتوو بن، بڕوایان بە خۆیان هەبێت. کوردستانمان وڵاتێکی خۆشە و ئێمە ئومێدمان زۆرە کە دەتوانین زۆر ئاوەدانتری بکەینەوە، بەڵام ئەو بەرپرسیارێتییە دەکەوێتە ئەستۆی گەنجەکان.''
لە بەشێکی قسەکانیدا سەرۆکی حکومەت باسی لە داهاتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و گوتی، داهاتی عێراق بە شێوەیەکی گشتی کەمی کردووە، ''چونکە هەناردەکردنی نەوت بەهۆی شەڕ و کێشەکانی ناوچەکە دابەزیوە."
مەسرور بارزانی لەبارەی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە زیادکردنی داهاتی ناوخۆی عێراق گوتی: ''ئێمە هەوڵمان داوە یارمەتیی حکومەتی فیدراڵی بدەین بە زیاترکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هەناردەکردنی نەوت.''
سەرۆکی حکومەت دەڵێت، کۆمپانیاکانی نەوتیش لە هەرێمی کوردستان ئامادەن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە، بەڵام داوای گەرەنتییان لە بەغدا کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن کار بکەن.
هەرچی پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانییە لە هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی گوتی، هەناردە و هاوردەکردنی کاڵاش وەک رێگەیەکی زیادکردنی داهات، ''بەهۆی ئەو ناکۆکییەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبوو و سەپاندنی بڕیارێک [سیستمی ئەسیکۆدا] بەسەر هەرێمی کوردستاندا، کەمی کرد.''
سەرۆکی حکومەت دەڵێت، هەوڵیان داوە سەبارەت بە سیستمی ئەلیکترۆنیی ئەسیکۆدا بگەنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ بەغدا؛ ''هیوادارم ئەو لێکتێگەیشتنە ببێتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان ئاسایی بکرێتەوە کە بێگومان دەتوانێت داهاتی ناوخۆ زیاد بکات. بە زیادبوونی داهاتەکە، پێموایە عێراق و هەرێمی کوردستان سوودی لێدەبینن.''
ئەسیکۆدا، شێوازێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە، بازرگانیی دەرەکی تێدا رێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆری کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات، ئەوە جگە لە ئاسانکاریی رێوشوێنەکانی گواستنەوەی کاڵا.
''داوامان کردووە نیوەی داهاتی فیدراڵیمان بۆ بەغدا بێ''
بەهۆی ئەوەی داهاتی هەرێمی کوردستان کەمی کردووە، قسە لەسەر ئەوە کراوە ناردنی مانگانە 120 ملیار دینار وەک پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کرابوو، بگۆڕدرێت بۆ نیوەی داهاتی مانگانە.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتی: ''کاتی خۆی ئەو 120 ملیار دینارە بەپێی بڕیارێکی تاکەکەسی بووە، واتا هیچ بنەمایەکی زانستی نەبووە کە ئەو بڕە پارەیە لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بدرێتە حکومەتی فیدراڵی.''
سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کرد، ئەوەی یاساییە، ناردنی نیوەی داهاتە فیدراڵییەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ بەغدا، ''بەڵام لە ماوەی رابردوو، بەهۆی پەلاماری سەر کێڵگەکانی نەوت، ئێمە نەمانتوانی نەوت هەناردە بکەین، بۆیە داهاتەکان بە شێوەیەکی گشتی دابەزین.''
مەسرور بارزانی پشتڕاستی کردەوە پێشنیازێک دراوەتە بەغدا کە مانگانە لەبری 120 ملیار دینار، نیوەی داهاتی هەرێمی کوردستان بدرێتە بەغدا و گوتی: ''ئەو پێشنیازە پێشتریش هەبووە کە نیوەی ئەو داهاتەی هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەی پێداچوونەوە (میزان موراجەعە) بدرێتە حکومەتی فیدراڵی، ئێمە داوا دەکەین بەو شێوەیە بەردەوام بێت.''
سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو داهاتی هەرێمی کوردستان زیاتر بێت، ''بێگومان بەشداریشمان لە دابینکردنی داهات بۆ حکومەتی فیدراڵی زیاتر دەبێ.''
''ناوەندێکی هاوئاهەنگی لەنێوان بەغدا و هەولێر پێکدەهێنرێت''
ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشنیازی پێکهێنانی ناوەندێکی هاوئاهەنگی کرا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی. مەسرور بارزانی سەبارەت بە ئەرکی ناوەندەکە دەڵێت: ''ئێمە پەیوەندییەکی بەردەواممان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە. زۆرجار کێشە دروست دەبێ، بەڵام ئەم ناوەندە تەنیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نییە''.
سەرۆکی حکومەت ئەوەشی خستەڕوو، ناوەندە هاوئاهەنگییەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، ''هەندێک جار بۆ پێشنیاز و خستنەڕووی بیرۆکەیە، بۆیە پێموایە بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییە تەندروست بێت و کارەکان بە خێرایی بەڕێوەبچن، بوونی ئەم ناوەندە پێویستە. ئێمە دەتوانین زۆربەی کێشەکان لە کاتی خۆیدا چارەسەر بکەین و هەندێک جاریش تەنانەت یارمەتیدەر بین بۆ خستنەڕووی بیرۆکەی نوێتر و باشترکردنی پەیوەندیی نێوان هەردوولا.''
''پرسی مووچە بەستراوەتەوە بە مووچەی خەڵکی عێراق''
بەشێکی قسەکانی مەسرور بارزانی تایبەت بوون بە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و گوتی: ''ئێمە بە ئومێدەوە سەیری ئەو پەیوەندییە دەکەین لەگەڵ حکومەتی ئێستا و بەتایبەتی سەرۆکوەزیران، بەڕێز عەلی زەیدی. بابەتی مووچەش بەستراوەتەوە بە مووچەی هەموو خەڵکی عێراق.''
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد، سەبارەت بە دابینکردنی مووچە قسەی پێویست لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کراوە، ''هیوادارین جیا نەکرێتەوە لە مووچەی بەشەکانی دیکەی عێراق و بە هیچ شێوەیەک تێکەڵی بابەتە سیاسییەکان نەکرێ.''
پێکهێنانی حکومەت
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامی جەژنی قورباندا، بانگەوازێکی ئاراستەی سەرجەم لایەنەکان کرد واز لە "خۆخۆری'' بهێنن و دوای جەژن بەیەکەوە دابنیشن. مەسرور بارزانی دەڵێ: ''ئێمە لەگەڵ بڕیارەکەی جەنابی سەرۆک بارزانین. لەگەڵ ئەوەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە و حکومەت پێکبهێنرێت''.
سەرۆکی حکومەت گوتیشی، ئێستا بابەتی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان دەمێنێتەوە سەر لایەنە سیاسییەکانی دیکە، ''کە تاوەکو چەند ئامادەن رێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرن.''
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران، باسی پرسی پێکهێنانی حکومەت یان کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە.
زیاتر لە 19 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایەنە براوەکان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەیانتوانیوە بگەنە رێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

