رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، سێیەم کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان، وردبینیی دارایی پڕۆژەکان و چەند رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی درا.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق "وەک پاڵپشتییەک بۆ کەرتی کارەبا و کەمکردنەوەی باری سەر شانی هاووڵاتییان"، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بۆ سێ مانگی داهاتوو، نرخی یەک لیتر گازوایل بۆ مۆلیدە ئەهلییەکان لە 400 دینارەوە بۆ 200 دینار کەم بکاتەوە. بڕیارەکە بە شێوەیەکە کە بۆ هەر (یەک کەی ڤی ئەی) کارەبا، بڕی 40 لیتر گازوایل دابین دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە "دیاریکردنی سنوورێک بۆ گرێبەستەکان، ئەو گرێبەستانەی تێچوویان لەو سنوورە زیاترە، دەبێت لیژنەیەکی پسپۆڕی ناوەندی رەزامەندییان لەسەر بدات. هەروەها پەلەکردن لە وردبینیی دارایی کۆمپانیا گشتییەکان و رەوانەکردنی دۆسیە گوماناوییەکان بۆ دادگا. لەگەڵ سوودوەرگرتن لە کۆمپانیا جیهانییەکانی وردبینی بۆ چاودێریکردنی خەرجییەکان."
حکومەتی عێراق بڕیاری دا گرێبەستی هێڵی کارەبای (عێراق - تورکیا) بۆ ماوەی چوار مانگ درێژ بکاتەوە. هەروەها وەزارەتی نەوتی راسپارد بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی تورکی بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی درێژخایەن سەبارەت بە نرخ و بڕی گاز و پێداویستییە تەکنیکییەکان.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر، "پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان بۆ خەرجکردنی پارە لە بودجە بۆ پشتگیریکردنی یانە وەرزشییەکان. هەروەها راسپاردنی سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی گواستنەوەی ئاسمانی لەگەڵ وڵاتانی فەرەنسا، عومان، قوبرس و رواندا.
