رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، شێوازی ئێستای کارکردنی دیوانی چاودێریی دارایی لە ئاستی ئاڵنگارییە ئابوورییەکاندا نییە و پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەیە. دەشڵێت، وردبینیی هەندێک کۆمپانیای گشتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دواکەوتووە.
رۆژی دووشەممە، 25-05-2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا رایگەیاند: "دیوانی چاودێریی دارایی گرنگترین دامەزراوەی چاودێرییە لە عێراق و ناوچەکە، بەڵام شێوازی ئێستای کارکردنی لەگەڵ ئاستی ئاڵنگارییە ئابوورییەکاندا ناگونجێت و پێویستە سیستمەکە نوێ بکرێتەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق رەخنەی لە سستیی کارەکانی دیوانەکە گرت و ئاماژەی بەوە کرد، کە هەندێک لە کۆمپانیا گشتییەکان زیاتر لە پێنج ساڵە وردبینییان بۆ نەکراوە.
زەیدی وەک مەرجێکی نوێ گوتی: "دەبێت وردبینیی هەر ساڵێکی دارایی، پێش مانگی تەممووزی ساڵی دواتر بەکۆتا بێت."
بۆ قۆناخی داهاتوو، عەلی فالح زەیدی چەند خاڵێکی وەک نەخشەڕێگە دیاری کرد، لەوانە:
- سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کۆمپانیا گەورە و جیهانییەکانی وردبینی بۆ گۆڕینی شێوازی چاودێری.
- گۆڕینی سیستمی چاودێری؛ بە جۆرێک دیوانەکە لە کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکاندا ئامادەیی هەبێت، نەک تەنیا دوای روودانی سەرپێچییەکان راپۆرت بنووسێت.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی پسپۆڕ لە وەزارەتی دارایی بۆ هەڵسەنگاندنی "بەهای راستەقینەی پڕۆژەکان" بە مەبەستی رێگریکردن لە زێدەڕۆیی لە خەرجییەکاندا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت ئامادەیە هەموو پێداویستییە مرۆیی و تەکنیکییەکان بۆ دیوانی چاودێری دارایی دابین بکات، بەو مەرجەی دیوانەکە "هیمەت و خێرایی زیاتر" لە پاراستنی سامانی گشتیدا بنوێنێت.
