رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا پشتگیری لە زیادکردنی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکات وەک وەڵامێک بۆ "پێشێلکارییەکانی حیزبوڵڵا" بۆ سەر رێککەوتنی ئاگربەست.
رۆژی دووشەممە 25ی ئایاری 2026، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاند، حیزبوڵڵا هەموو داواکاری و هۆشدارییەکانی بۆ راگرتنی هێرش پشتگوێ خستووە. بەرپرسەکە گوتی: "هیچ کاتێک چاوەڕوان ناکرێت ئیسرائیل بە شێوەیەکی پاشکۆ و بێدەنگ بەرگەی هێرش بۆ سەر هێزەکانی و هاووڵاتییانی مەدەنی بگرێت"؛ جەختیشی کردەوە کە "ئەمە ئیدارەی بایدن نییە" تاوەکو داوای دانبەخۆداگرتن بکات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە، لەوەتەی 17ی نیسانەوە حیزبوڵڵا زیاتر لە هەزار درۆن و 700 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردوە؛ ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی ئەو دانوستاندنە راستەوخۆیانەی لە نێوان حکومەتی لوبنان و ئیسرائیلدا بەڕێوەدەچن. بەرپرسەکە دۆخی ئێستای بە "بەرگەنەگیراو" وەسف کرد.
واشنتن بەرپرسیارێتیی تەواوی پەرەسەندنەکان دەخاتە ئەستۆی حیزبوڵڵا و دەڵێت ئەو گروپە ئاگربەستەکەی شکاندوە و ئێستا دەیەوێت رێگری لەو ئاراستەیە بکات کە لوبنان بەرەو ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە دەبات.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە رونیشیکردەوە کە حیزبوڵڵا دانوستاندنی راستەوخۆی نێوان بەیروت و تەلئەڤیڤ کە لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت وەک هەڕەشەیەکی وجودی بۆ سەر خۆی دەبینێت. بە بڕوای واشنتن، سەرکەوتنی هەر رێککەوتنێکی ئاگربەست، کە لە لایەن حکومەتی لوبنانەوە سەرپەرشتی بکرێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵات و پێگەی حیزبوڵڵا لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
رۆژی 2ی ئادار، حیزبوڵڵا لە تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا هێرشێکی مووشەکی و درۆنی کردە سەر باکووری ئیسرائیل. دواتر ئەویش بە بۆردوومان و هێرشی زەوینی وەڵامیدایەوە.
رۆژی 17ی نیسان، لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیری ئەمریکا رێککەوتنی ئاگربەستیان کرد و بەردەوامیش حیزبوڵڵا پابەندبوونی بەو ئاگربەستەوە رەتکردووەتەوە.
