رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە ڕۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیاوە ئاشکرایان کردووە، یانەی ریال مەدرید هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ گواستنەوەی ئەلیساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری ئیتاڵی و یانەی ئینتەر، ئەمەش دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا لە کێبڕکێی بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە کشایەوە.
میگێل سیرانۆ، رۆژنامەنووسی ناسراوی ئیسپانی بڵاویکردەوە، کە جۆزێ مۆرینیۆ رۆڵی سەرەکی هەبووە لە ئاڕاستەکردنی ریال مەدرید بەرەو ئەو گرێبەستە. مۆرینیۆ کە سەرسامییەکی گەورەی بە تواناکانی باستۆنی پێشانداوە، پێیوایە ئەم بەرگریکارە باشترین بژاردەیە بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگریی یانە شاهانەکە، ئەمەش وەک 'یەکەم گورز' لە یانەی بارسێلۆنا ئەژمار دەکرێت کە ماوەیەکی زۆر بوو چاوی لەو یاریزانە بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سیرانۆ، یانەی بارسێلۆنا خواستی راستەقینەی هەبوو بۆ گواستنەوەی باستۆنی بۆ یاریگای کامپ نو، بەڵام بەهۆی داواکارییە داراییە بەرزەکانی یانەی ئینتەر، یانە کەتەلۆنییەکە نەیتوانی بەردەوام بێت و بە ناچاری لە کێبڕکێکە کشایەوە. ئینتەر ئامادە نییە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەستێرە تەمەن 25 ساڵەکەی بێت و داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکات کە لە توانای دارایی ئێستای بارسادا نییە.
لە بەرامبەردا، ریال مەدرید بە راسپاردەی مۆرینیۆ و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە هێڵی بەرگریدا هەیەتی، ئامادەیی پێشانداوە بچێتە ناو گفتوگۆکانەوە. باستۆنی کە یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی سێری ئا، ئێستا لە لووتکەی گرنگیپێدانەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێزدایە و چاوەڕوان دەکرێت لە مێرکاتۆی داهاتوودا هەوڵەکان بۆ گواستنەوەی بگەنە قۆناخی کۆتایی.
ئەو یاریزانە توانیویەتی 3 جار نازناوی خولی ئیتاڵیا و جامی ئیتاڵیا بەدەستبهێنێت. هەروەها خاوەنی سێ نازناوی جامی سوپەری ئیتاڵیایە و رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە گەیشتنی یانەکەی بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2023.

