رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان بۆ جەژنی قوربان لە وڵاتانی ئیسلامی دەستیپێکردووە، سەتان ملیۆن موسڵمان لە سەرانسەری جیهان سەرقاڵی کڕینی شیرینی، جلوبەرگ و ئاژەڵی قوربانین. قوربانیکردن لەسەر ئەو موسڵمانانەیە کە توانای داراییان باشە، لە چوار رۆژی جەژنی قورباندا دەتوانرێت ئەنجامبدرێت، کە کاتەکەی لەدوای نوێژی جەژن لە یەکەم رۆژی جەژنەوە دەستپێدەکات و تاوەکو ئێوارەی چوارەم و دوا رۆژی جەژن دەبێت. ئەو ئاژەڵانەی بۆ قوربانیکردن دەبن بریتین لە مەڕ، بزن، مانگا، جوانەگا و حوشتر (نێر و مێ). چەند مەرجێک دانراون بۆ ئەو ئاژەڵەی کە دەکرێتە قوربانی، ئەوانیش بریتین لە: - ئاژەڵەکە نابێ لەڕ و لاواز، شەل و کوێر بێت. - ئاژەڵەکە نابێت نەخۆشیی تووندی هەبێت کە کاریگەریی لەسەر گۆشتەکەی جێهێشتبێت. - ئەو ئاژەڵەی لەسەر زبڵ و خاشاک گەورە دەبێت، بۆ قوربانیکردن ناشێت. جەژنی قوربان لە 10ی مانگی زولحەجە دەستپێدەکات. قوربانیکردن سوننەتێکی موئەککەدەیە و پەیڕەوکردنی چەند مەرجێکی تووندی شەرعی و تەندروستیی لەسەر ئاژەڵەکە و کاتی سەربڕینەکەی پێویستە.
