رووداو دیجیتاڵ
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو دەڵێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بڕی 890 ملیار دیناری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی بۆ مووچەی مانگی 5 وەرگرت.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتی نانەوتیی مانگی ئایار لە رێگەی لقی هەولێری بانکی ناوەندییەوە خرایەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی، بڕی پارەکە 50 ملیار دیناری عێراقییە.
پێش زانیارییەکەی هەڵکەوت عەزیز، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت، ئەگەر مووچە بێت، ئەوا "هەوڵ دەدرێت لە رۆژانی جەژنیشدا فەرمانبەران بتوانن مووچەکانیان وەربگرن".
دوێنێ یەکشەممەش، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەر کاتێک پارە تەمویل بکرێت، وەزارەتی دارایی لیستی مووچە رادەگەیێنێت. ئەگەر ئەمڕۆ پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەت، هەر ئەمڕۆ لیستەکە بڵاودەکرێتەوە".
