رووداو دیجیتاڵ
حەوتەمین و دوایین کاروانی رێکخراوی ئاوارەکانی عەفرین لە هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای کوردستانەوە ئەمڕۆ بەیانی لە شاری قامشلۆوە بەرەو زێدی خۆیان بەڕێکەوتن.
کاروانەکە لە زیاتر لە 1,600 خێزان پێکدێت کە لە دێرک، قامشلۆ، حەسەکە و گرکێ لەگێ دەمانەوە و ئەمڕۆ دەگەنەوە نێو عەفرین.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ، لە بووڵتەنی نووڕۆژدا رایگەیاند، ئەمە دوایین کاروانە لە جزیرەوە بەرەو عەفرین دەگەڕێتەوە.
ئیبراهیم حەفتارۆ، بەرپرسی کۆڕبەندی کۆمەڵایەتیی عەفرین بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە دوایین کاروانە. راستە نزیکەی 400 بۆ 500 خێزان دەمێنن، بەڵام رەنگە ئەوانیش بەپێی دۆخی خۆیان تاک تاک بگەڕێنەوە."
گەڕانەوەی ئاوارەکان یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سووریا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ژمارەی ئاوارەکانی عەفرین لە جزیرە نزیکەی 7,000 خێزان بوو.
پرۆسەی گەڕانەوە لە 7 قۆناخدا بەم شێوەیە بەڕێوەچوو:
کاروانی یەکەم؛ 400 خێزان
کاروانی دووەم؛ 200 خێزان
کاروانەکانی سێیەم و چوارەم؛ 2,000 خێزان
کاروانی پێنجەم؛ نزیکەی 1,000 کەس
کاروانی شەشەم؛ 1,300 خێزان
کاروانی حەوتەم؛ زیاتر لە 1,600 خێزان
ئەم هاونیشتمانییانە لە ئەنجامی هێرشی تورکیا و گرووپە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی پێشووی سووریا لە ساڵی 2018 بۆسەر عەفرین ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن.



