رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق، تیشکی خستە سەر ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتەکانی دەرەوە و گەنجینە، کۆنگرێس و ناوەندەکانی توێژینەوەی ئەمریکا.
زێباری لەم هەڤپەیڤینەدا باسی ئاست و قۆناخی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەکات لەم بارودۆخە هەستیار و ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، شانبەشانی خستنەڕووی دۆخی سیاسی نێوخۆیی عێراق، پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەژێر سەرکردایەتیی عەلی زەیدی و ئاستەنگەکانی بەردەم رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تێپەڕبوونی 18 مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: سڵاوتان لێبێت و ئەم کاتەتان باش. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بارودۆخێکی ئاڵۆز و چەندین پرسیار هەن پێویستیان بە وەڵامدانەوەیە. بێگومان ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر عێراق و باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەبێت. من دیار کوردەم لە ستۆدیۆی رووداو لە واشنتن. دەمەوێت بۆ وەرگرتنی بەشێک لە وەڵامی ئەو پرسیارانە، میوانداریی بەڕێز هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق بکەم. زۆر بەخێربێی کاک هۆشیار.
هۆشیار زێباری: سەر سەرم، سەرچاوم کاکە دیار، زۆر خۆشحاڵم بە بینینی ئێوە لە واشنتن.
رووداو: زۆر سوپاس کاک هۆشیار. دەمەوێت بەوە دەست پێبکەم، ئێوە ماوەیەکە لە واشنتنن و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی زۆرتان هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی ئێستا و پێشوو و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە.بە تێگەیشتنی ئێوە، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و باشووری کوردستان، یان بە دیاریکراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چۆنە و لە چ قۆناخێکدایە؟
هۆشیار زێباری: زۆر سوپاس. بەڵێ راستە، خەریکە دەبێتە دوو هەفتە ئێمە لە واشنتنین. دیدارێکی زۆرمان کردووە لەگەڵ بەرپرسانی ئەم ئیدارەیەی سەرۆک ترەمپ. بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەمان بینیوە، لە کۆشکی سپی، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی، وەزارەتی گەنجینە، لە کۆنگرێس و نزیکەی حەوت، هەشت ناوەندی توێژینەوەی گرنگمان بینیوە، جگە لە دۆستە کۆن و نوێیەکانمان لە ئەمریکا. هەموو ئامانجەکە ئەوە بوو کە بارودۆخی کوردستان راستەوخۆ بۆیان روون بکەینەوە، نەک لە رێگەی راگەیاندن و پەیامەکانی دیکەەوە. تا ئێستا، بەراستی ئەوەی هەستمان پێکردووە، ئەم ئیدارەیە پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دیاریدەکات. پێیان باشە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بەهێز بێت، لە چوارچێوەی عێراقێکی بەهێزدا. بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان وەکو بەرژەوەندییەکی خۆی دەستنیشان دەکات. بێگومان ناوچەکە، هەروەکو جەنابت باست کرد، لە بارودۆخێکی نائاساییدا دەژیت، لەبەر ئەم شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تاوەکو ئێستاش دیار نییە لە کوێ دەوەستێت. بە تێڕوانینی ئێمە، ئەمڕۆ یان سبەینێ دەردەکەوێت ئایا شەڕ دووبارە دەبێتەوە یان ئاشتییەکی کاتی دەبێت.
رووداو: من دێمە سەر شەڕی ئێران و ئەمریکا، بەڵام ئەمجارە با لەسەر باشووری کوردستان بهێڵمەوە. ئەمریکا دۆستی کوردە، بەڵام نیگەرانیشیان زۆرە، بەتایبەتی لەم دواییانەدا.ئەمریکا ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی کرد هەرێمی کوردستان هێزەکانی پێشمەرگەی یەکبخاتەوە، چاوەڕێی کرد پەرلەمان کارا بێت، چاوەڕێی کرد حکومەتێکی کارا و یەکگرتووی هەبێت. ئەگەر پێم بڵێیت لە کۆبوونەوەکاندا هیچ نیگەرانییەکتان پێ گەیەندراوە؟ ئەو نیگەرانییانە چین؟
هۆشیار زێباری: بەڵێ، وەکو دۆست بە دڵنیاییەوە نیگەرانیش دەردەبڕن و رەخنەش دەگرن. رەنگە ئێمەش بە هەمان شێوە بین. نیگەرانن بە راستی لەبەر دانەمەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واتە پاش 18 مانگ لە هەڵبژاردن. بەشێوەیەکی سرووشتی بۆ ئەوان گرنگ نییە، کێ تاوانبارە، کێ ناهێڵێت، بەو شێوەیە بیردەکەنەوە. هەرچەندە ئێمە راستییەکانمان بۆ روون کردنەوە، کە وەکو پارتی هەموو هەوڵێکمان داوە، ئەوەی پێمان کرابێت، نەرمیمان نواندووە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان شەرعییەتی خۆیان وەربگرنەوە و کارا ببن، بەڵام سەرنەکەوتووین تا ئێستا. ئەمە واقیعەکەیە، بەڵام بێ ئومێدیش نین. ئێستاش پارتی و یەکێتی لە حکومەتێکی کاربەڕێکەردا لە هەندێک بواری هاوبەشدا پێکەوە کار دەکەن، بەڵام نەمانتوانیوە بە تەواوی بیکەین. سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی هێزی پێشمەرگە، راستە هەندێک پێشکەوتن هەبووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی ببێتە یەک لەشکر. ئێمە لێرە لە کۆنگرێس هەڵمەتێکی گەورەشمان کرد، بۆ ئەوەی ئەو مافە داراییانەی پێشتر ئەمریکا بە پێشمەرگەی دەدا و ئەمجارە باسیان نەکردبوو بەشێوەیەکی گشتی، بەڕاستی کاری زۆرمان کرد، کە جارێکی دیکە ئەو یارمەتییە بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت.
رووداو: لەسەر پێشمەرگە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن). ئەم یاداشتنامەیە مانگی 9 ماوەکەی بەسەر دەچێت. بەپێی زانیارییەکانی من، تا ئێستا ئەمریکا رازی نەبووە نوێی بکاتەوە. رازینەبوونەکە وەکو گوشارێکە کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان پێشمەرگە یەکبخاتەوە؟ ئێوە چۆن لەوە تێدەگەن کە ئەمریکا هاوکارییەکانی پێشمەرگەی لە پڕۆژەبودجەی ساڵی داهاتوودا دیاری نەکردووە، بەڵام هی عێراقی دیاریکردووە؟
هۆشیار زێباری: ئێمە بەدواداچوونێکی زۆرمان کرد و پەیوەندییەکی زۆریشمان کرد لەسەر ئەو کێشەیە. بە ئومێدین بتوانین جارێکی دیکە ئەو مافانەی پێشمەرگە لەو بودجەیەدا دەستنیشان بکرێن. بەشی دیکەی پرسیارەکەت لەسەر یاداشتنامەکە راستە، ماوەی خۆی هەیە. ئەوەی ئێمە لە بەرپرسانی ئەمریکیمان بیستووە، ئەوان رێز و حورمەتێکی زۆریان هەیە بۆ هێزی پێشمەرگە وەکو هاوپەیمانێک، کە لە مەیداندا خۆیان سەلماندووە و هاوپەیمانێکی بێوێنەن، تەنانەت یەک دوو رۆژ لەمەوبەر لە کۆنگرێس، جێگری وەزیری جەنگی ئەمریکا قسەی باشی لەسەر پێشمەرگە کرد. ئەمەش لۆبی ئێمە بوو بەڕاستی، بەشێک بوو لە کاری تیمی ئێمە لێرە لە واشنتن، کە ئەم پرسیارانەیان لێکرد. ئومێد هەیە، دەزانین ناوچەکە هەمووی بەرەو بارودۆخێکی نادیار دەڕوات، پێکەوە بەستراوە.لەبیرت نەچێت، بوونی هێزەکانی ئەمریکاش، کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی نۆ ئۆپەراسیۆنی "Inherent Resolve" کە بۆ لەنێوبردنی داعش دامەزرا، کۆتایی پێبێت. ئەمەش خاڵێکی سەرەکی بوو لە گفتوگۆکانماندا کە بوونیان و بەردەوامبوونیان لەم کاتەدا زۆر زۆر گرنگە، چونکە هیچ شوێنێک نەماوە هێزەکانی ئەمریکا تێیدا بحەوێنەوە جگە لە کوردستان. داواکاریی ئێرانیش ئەوەیە کە هێز و بنکەکانی ئەمریکی لە ناوچەکەدا، لە رۆژئاوای ئاسیا هەمووی نەمێنن. ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی وابزانم لەسەری وەستاوین و کارمان لەسەر کردووە.
رووداو: کاک هۆشیار، سەبارەت بە ئەمریکا و ناوچەکە، پەیوەندیی ئەمریکا و حکومەتی نوێی عێراق. دۆناڵد ترەمپ سەرەتا زۆر ناڕازی بوو لەسەر ئەوەی کێ دەبێتە بەربژێر، بەڵام دواتر گوتی ئەم کەسە من دەستنیشانم کردووە و کەسێکی بەهێزە و بڕیارە بانگهێشتی کۆشکی سپی بکات. ئەمریکا هێندە رازییە لە حکومەتی عێراق کە دۆناڵد ترەمپ بەم شێوازە باسی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق دەکات؟
هۆشیار زێباری: سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق عەلی زەیدی، هاتە لای ئێمە لە کوردستان، هاتە لای جەنابی سەرۆک بارزانی و دانوستاندنێکی کراوە و ئەرێنی و دۆستانە کرا لەگەڵیدا. هەموو شتێکی باشی گوت. داوای کرد جەنابی سەرۆک ببێتە حەکەم لەنێوان بەغدا و هەولێر. کێشەکانی هەرێمی کوردستان مووچەیە، ماف و شایستە داراییەکانی خۆی هەیە، ئەو لەگەڵ سیاسەت تێکەڵیان ناکات. کێشە فەنی و تەکنیکییەکان چارەسەر دەکات. حەز دەکات پەیوەندییەکە ئاسایی ببێتەوە.
رووداو: جەنابت لە نزیکەوە عەلی زەیدی دەناسیت؟
هۆشیار زێباری: من لەو کۆبوونەوەیە بووم، جارێکم بینیوە بەڵام لە نزیکەوە نا. ئەو بازرگانە، لە دەرەوەی سیستمی سیاسی هاتووە.
رووداو: ئەمە باشە بۆ کورد، کەسێکی ناسیاسی؟
هۆشیار زێباری: لێرەش ئەزموونی سەرۆک ترەمپتان هەیە، هەمان ئەزموونە.
رووداو: بەڵام سەرۆک ترەمپ دەسەڵاتی هەیە.
هۆشیار زێباری: دەزانم.
رووداو: عەلی زەیدی ئەو دەسەڵاتەی هەیە؟
هۆشیار زێباری: مەبەستم وەکو دیاردە، ئەویش بازرگانە، ئەویش لە دەرەوەی سیستمی سیاسیی باو هاتووە. لەو رووەوە، ئەگەرنا دەسەڵاتی دەزانین.
رووداو: گەشبینی پێی؟
هۆشیار زێباری: جا وازم لێبێنە بۆت تەواو بکەم، پەلە مەکە. شتی باش دەڵێت، کاکە دیار، ئاراستەی باشە، نیازپاکی هەیە، بەڵام ئێمە خەڵکی دیکەیشمان بینیوە کە بەڵێنیان داوە و نیازیان باشبووە، بەڵام پابەند نەبوون پێوەی. ئێمە نیازپاکیمان هەیە بەرامبەری و پشتگیریشمان کردووە. هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆکوەزیران لە بەغدایە هەر بۆ بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندییانە. لێرە ئەمریکا پشتگیری دەکات. وەکو سەرۆک ترەمپ گوتی، "ئێمە پشتگیری دەکەین". دوێنێ پێرێ قسەی لەگەڵ کردووەو بانگهێشتی کردووە بۆ ئێرە، بەڵام ئەمریکا نیگەرانە لەسەر چەند کێشەیەک لە عێراق، بەتایبەتی کێشەی میلیشیا چەکدارەکان، ئەوانەی سەر بە حەشدی شەعبین یان سەربەخۆن. ئەمانە بوونەتە هەڕەشە نەک هەر بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە، دژی وڵاتانی کەنداو، دژی ئوردن، بە مووشەک و درۆن. تەنانەت ئەو کەسەی لە تورکیا دەستگیرکرا، وەکو زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ ئەمریکا، کە خەڵکانێک هەن خەریکی کاری تیرۆریستین لەسەر خاکی ئەوان. لەو شتانە زۆر نیگەرانن. پێم وایە ئەو پشتگیرییەی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق، دەتوانێت زۆریش هاوکار بێت، بەتایبەتی لە رووی ئابووری و دارایی، بەڵام کراوە نابێت.
رووداو: واتە مەرجدار و سنووردارە؟
هۆشیار زێباری: بە حساب دەبێت، بەڵام دەرفەتی پێدەدەن. بە دڵنیاییەوە ئێمەش لەم دیدارانەدا هەموو بارودۆخی عێراق و حکومەتە تازەکەمان بۆ دۆستە ئەمریکییەکان و بەرپرسەکان روون کردووەتەوە. گوتوومانە ئێمەش پشتگیری دەکەین بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت و بۆشایی دەستووری لە عێراق دروست نەبێت. دۆخی عێراق لاوازە و هەڵوێستی نییە. بەڕاستی کەس ئەو حسابە گەورەیەی بۆ ناکات.
رووداو: سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ژمارەیەک دیداری هەبووە. ماوەیەک پێش ئێستاش سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوو. پارتی لە بەغدا نییە، بۆچی پارتی لە بەغدا نییە؟ هۆکاری ئەمە چییە؟
هۆشیار زێباری: ماوەی رابردوو، بەراستی سەرکردایەتیی پارتی و سەرۆک بارزانی و مەکتەبی سیاسی هەستیان کرد رووداوەکانی ئەم ساڵ لە بەغدا ئاماژەی ئەرێنی نەبوو بۆ پارتی. لەبەر ئەوە، پێداچوونەوەی نێوخۆیی کرا و گەیشتینە هەندێک دەرئەنجام. بەڵێ، پارتی دەبێت بوونی زیاتری هەبێت لە بەغدا.
رووداو: واتە تۆ دەڵێی لە بەغدا ئامادە نەبوون؟
هۆشیار زێباری: بەڵێ، بەڵێ.. ئەمە رای خەڵکی ئێمە بوو، ئەوانەی کاریان لە بەغدا کردووە، چ ئێستا و چ پێش ئێستا، ئەو کەموکوڕییەیان دەستنیشان کرد. لێرەش تەنانەت لە ئەمریکاش..
رووداو: لە واشنتنیش نین؟
هۆشیار زێباری: نا نا تۆ زۆر پەلە دەکەی.. لێرەش ئەو گلەییەیان لێ دەکردین، کە بوونمان لە بەغدا بەو ئاستە نییە، بەو هێزە نییە. ئەمە شتێکی پێویستە و چارەسەر دەکرێت. هەروەکو تۆش باست کرد، پێش ماوەیەک کاک نێچیرڤان لەوێ بوو، ئەمڕۆ جەنابی کاک مەسرور چووە، هەندێک دانوستاندن لەگەڵ عەلی زەیدی و بەرپرسانی نوێی عێراق بکات. پاش جەژنیش بڕیارە کابینەکەی خۆی تەواو بکات و دەستبەکاربێت.
رووداو: بە وەزیرەکەی پارتیشەوە؟
هۆشیار زێباری: ئینشاڵڵا.. بەڵێ.
رووداو: ئەی بۆچی وەزیرەکەی پارتی هەڵنەبژێردرا؟ یان ئێوە گلەییتان لە کێیە؟
هۆشیار زێباری: هاوپەیمانییەک دژی پارتی هەبوو، نەک تەنها دژی پارتی، دژی مالیکی و دژی موسەننا سامەڕائی هەبوو. بڕیار بوو هەموو کابینەکەی عەلی زەیدی هەر 19 وەزیرەکە تێپەڕن، بەڵام بەراستی ئەو هاوپەیمانییە نامەردیی کرد بەرامبەر نوێنەرانی لایەنەکانی دیکە.
رووداو: زۆر باشە. کێشەی هەولێر و بەغدا، پێشتر کێشەی ماددەی 140 و کۆمەڵێک بابەتی زۆر گەورەتر بوو، بەڵام ئێستا هاتووەتە سەر مووچە. کەی ئەمە کۆتایی دێت؟ سیاسەتی روونی هەرێمی کوردستان چییە؟
هۆشیار زێباری: نا، کێشەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆی ماون. ئێمە لە چوارچێوەی ئەو پێداچوونەوەیەدا، هەموو کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدامان یەک بە یەک دەستنیشان کردووەو پێشکێشمان کردوون. هەموو کێشەکانی پێشمەرگە، ماددەی 140، یاسای نەوت و غاز، یاسای هەڵبژاردن، دادگای فیدراڵی، چاکسازیی دادوەری، هەموو کێشەکان دەستنیشان کراون، بەڵام راستییەکەی، هۆکاری سەرەکی کە کورد بارودۆخی وەکو پێشان نەماوە و بەهێز نییە، دووبەرەکی و ناتەبایی کوردە،ئەگەر بتوانین ئەوە چارەسەر بکەین، پێم وایە کێشەکانی دیکەیش هەموویان چارەسەر دەبن.
رووداو: مادام باسی ئەو کێشانە دەکەین، با بێینەوە کوردستان. ئێوە لەگەڵ یەکێتی، دەرفەتێکی تێدا ماوە؟ بۆچی کورد لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ ناکەن؟
هۆشیار زێباری: ساڵێک و پێنج شەش مانگ گفتوگۆمان کردووە. چۆن گفتوگۆمان نەکردووە؟
رووداو: ئەی ئێستا بۆ قسە لەگەڵ یەک ناکەن و دانانیشن؟
هۆشیار زێباری: نازانم، پاش ئەو رووداوانەی لە بەغدا روویان دا، بەڵام ئێمە ساڵێک و چەند مانگێک گفتوگۆمان هەبوو لەگەڵ برادەرانی یەکێتی بۆ ئەوەی بگەینە چارەسەرێک بۆ کێشەکان. لەم دواییانەدا رەنگە دانیشتن و شتی وا نەبووبێت، بەڵام پەیوەندی هەبووە.
رووداو: دەستپێشخەرییەکی یەکگرتوو هەیە، لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی کۆبوونەوە، دواتر هاتن لەگەڵ جێگرانی سەرۆکی پارتی کۆبوونەوە، ئەم دەستپێشخەرییەی یەکگرتوو چۆن دەبینن، یەکگرتوو دەیەوێ چی بکات؟
هۆشیار زێباری: هەر دەستپێشخەرییەک هەبێت باشە، لە هەر لایەکەوە بێت، ئێمە پێمان باش بوو. پاش هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی هەڵبژاردن دەرچوو و پەسەند کرا، ئێمە لەو کاتەشدا هەوڵماندا لەگەڵ هەموو هێزەکان، بەراستی هیچ هێزێکمان پەراوێز نەخست، لەگەڵ یەکگرتوو، لەگەڵ نەوەی نوێ، لەگەڵ هەر کەسێک کورسییەکی هەبێت یان چەند کورسییەکی هەبێت، بەبێ جیاوازی سەردانی هەموو لایەکمان کرد بۆ ئەوەی بێن حکومەتی خۆمان دروست بکەین و دامەزراوەکانمان کارا بکەینەوە و دەست پێ بکەین. ئەو کاتە نەهاتن، بەراستی ئەوان دەیانتوانی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا رۆڵێکی یەکلاکەرەوە ببینن، لەگەڵ حەق بن، لەگەڵ زۆرینە بن، لەگەڵ هەردوولا بن.
رووداو: لەگەڵ حەق بوون تەنیا مانای ئەوەیە لەگەڵ زۆرینە بیت؟
هۆشیار زێباری: نا، لایەکی دیکەیش هەبێت، بەڵام دیموکراسی بۆچی دیموکراسییە؟ هەڵبژاردن بۆچی هەڵبژاردنە؟ یەکێک دەیباتەوە و یەکێکی دیکە رەنگە بیباتەوە، بەڵام نەک بە پلەی یەکەم.
رووداو: لەگەڵ یەکێتی دەرفەت ماوە؟
هۆشیار زێباری: ماوە و هەمیشە دەمێنێت، بەڵام بەراستی شتێک نەماوە باسی نەکەین لەگەڵ یەکێتی لە ماوەی ئەم ساڵ و چەند مانگەی دانوستاندنەکاندا، بەڵام هەر دەمێنێت بێگومان.
رووداو: ئەی بۆچی هاوپەیمانێتیی یەکێتی و نەوەی نوێ قبووڵ ناکەن؟
هۆشیار زێباری: ئەوان ئازادن، هاوپەیمانێتی دروست بێت کێشە نییە.
رووداو: ئەوان دەڵێن ئێمە یەک هاوپەیمانێتیمان هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت، یان دەبێت بە جیا مامەڵەمان لەگەڵ بکەن.
هۆشیار زێباری: ئێمە پێش ئێستا هەر یەکێک بەپێی قەبارەی خۆی. هاوپەیمانێتی دروست دەبێت بێگومان، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردن حەکەمی سەرەکییە.
رووداو: پارتی بەنیازە پەرلەمان کارا بکاتەوە؟ لەگەڵ کێ دەیکات؟
هۆشیار زێباری: بژاردە هەیە. بۆ نموونە، تۆ وەکو پارتی، ئەگەر یەکێتی نەیەت، ئامادە نەبێت، یان داواکاریی زیاد بکات، یان نەیەوێت یاری بکات، بەزاراوەی سیاسی نەک وەرزشی، ئەوا بە شێوەیەکی سرووشتی بیر لە بەدیلی دیکە دەکرێتەوە. بیر لەوە دەکرێتەوە رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردن بگیرێت و حکومەتێکی زۆرینە دروست بکرێت، یان بچین بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەخت. بیر لە هەندێک بژاردە دەکرێتەوە، نابێت چارەنووسی ئەم خەڵکە و ئەم هەرێمە و دەربڕینی ئیرادەی ئەم خەڵکە بەفیڕۆ بچێت.
رووداو: ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت، هیچ شتێک لە ئەنجامەکە دەگۆڕێت؟
هۆشیار زێباری: نازانین. رەنگە هەندێک گۆڕانکاری بکرێت لە هاوسەنگیی هێزەکان. رەنگە خەڵکی نوێ بێت خۆی بەربژێر بکات.
رووداو: ئەی بۆچی پارتی ئامادە نییە وەزارەتی ناوخۆ بدات بە یەکێتی؟ کێشەکە متمانەیە؟
هۆشیار زێباری: پرسەکە وەزارەتی ناوخۆ نییە بەڕاستی. ئێمە یەکێتیمان وەکو هاوبەش هەژمار کرد.
رووداو: بەڵام ئەوان دەڵێن ئێمە هاوبەش نین.
هۆشیار زێباری: من لەم دانوستانانەدا بووم، من شارەزاترم لە جەنابت.
رووداو: باوەڕیان هەیە بەوەی ئێوە؟
هۆشیار زێباری: هەموو بیانووەکانی ئەوانمان بڕی. وەزارەتی ناوخۆ بەرامبەر وەزارەتی پێشمەرگە.
رووداو: بۆچی ئاڵوگۆڕتان نەکرد؟
هۆشیار زێباری: بۆ ئەوەی یەکێتی رازی بکەین، گوتمان بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ ئێوە بێت.
رووداو: بۆچی رازی نەبوون؟
هۆشیار زێباری: قبووڵیان نەکرد.
رووداو: پێتوایە بیانوو دەگرن؟
هۆشیار زێباری: بەو جدییەتە نەدەهاتنە پێش. مرۆڤ هەمیشە گومانی باش بە هاوبەشی خۆی دەبات، بەڵام دەمانتوانی پێکەوە حکومەت دروست بکەین و بەهێزتریش بین، چ لە بەغدا و چ لە واشنتن.
رووداو: ئێستاش دەرفەت هەیە؟
هۆشیار زێباری: ئێستاش دەرفەت هەیە.
رووداو: نزیک دەبینەوە لە کۆتایی دیدارەکە. دەمەوێت ئەو پرسیارە بکەم. وەکو پارتی و وەکو یەکێتی، ئێوە لەوە تێدەگەن یەکنەبوونتان چەند زیانی هەیە؟
هۆشیار زێباری: بەڵێ ئەرێوەڵڵا.. لێرە هەمان پەیامیان بە ئێمە داوە. کاک بافڵ و قوبادیش لە واشنتنن و هەمان پەیامیان پێدراوە.
رووداو: ئەی بۆ گوێ لە دۆستەکانتان ناگرن؟
هۆشیار زێباری: گوێ دەگرین، رێزیان دەگرین، بەڵام بڕیاردەری سەرەکی خۆمانین، سەرکردایەتیی خۆمانە.
رووداو: ئایا ئەو دیدارەی ئێوە لێرە و دیدارەکەی کاک بافڵ و کاک قوبادیش لێرە لە واشنتن، شتێک دروست دەکات کە کاتێک دەگەڕێنەوە، پێکەوە دابنیشن و حکومەتێک پێکبهێنن؟
هۆشیار زێباری: بێگومان پەیامیان هەیە بۆ سەرکردایەتی هەردوولا، دۆستانەیە؛ ئێمە حەز دەکەین هاوپەیمان و دۆستەکانمان بەهێز و یەکگرتوو بن، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین زیاتر یارمەتیتان بدەین.
رووداو: زۆر زۆر سوپاس.
هۆشیار زێباری: سەرچاوم کاکە دیار.