رووداو - تەندروستی
تووشبووانی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە کۆنگۆ بە رێوشوێنی تایبەت بەخاک دەسپێردرێن، کەسوکارەکانیان لە دوورەوە شینیان بۆ دەکەن و جگە لە کارمەندی داپۆشراوی تەندروستی، کەس بۆی نییە دەست لە تابووتەکانیان بدات.
خەڵکی بەم رێکارانە تووڕەن و کارمەندانی تەندروستی پاسەوانی دەکرێن. دەیڤد باسیما، سەرۆکی تیمی خاچی سوور بۆ بەخاکسپاردنی سەلامەت دەڵێت ''لە کاتی گەیشتنمان بە بنکە تەندروستییەکان، رووبەڕووی کێشە و گرفتی زۆر دەبینەوە، وەکو دژایەتیکردن لەلایەن گەنجان و کۆمەڵگەکەوە. بۆیە ناچاربووین دەسەڵاتداران ئاگادار بکەینەوە بۆ ئەوەی بە هانامانەوە بێن و چاودێریمان بکەن''.
لە پرسەکانیشدا خەڵکەکە پێش چوونە ژوورەوە بە گیراوەی کلۆر دەست دەشۆن، بە دەمامکیشەوە نزا بۆ مردووەکەیان دەکەن و لەیەکدیش نزیک نابنەوە، چونکە ئیبۆلا بە تووندی لەنێویاندا بڵاو بووەتەوە.
جۆزێف ئالۆتیا، پیاوی ئایینی دەڵێت: ئەمە خەیاڵ نییە، ئەمە راستییە؛ خەڵک لێرە و لەوێ بەخاک دەسپێردرێن، خەڵک دەمرن، ئێمە شایەتی ئەوە دەدەین، خەمی ئێمە تەنیا هۆشیارکردنەوەی خەڵک و کۆکردنەوەیانە، نەک ئەوەی هەموو شتێکیان لێبشارینەوە.
بەپێی تەندروستیی کۆنگۆ، 904 تووشبوو و 119 گیانلەدەستدانی گومانلێکراو بە ڤایرۆسی ئیبۆلا هەن. تەندروستیی جیهانیش پشتڕاستی دەکاتەوە، لەم بڵاوبوونەوەیە زیاتر لە 150 کەس بە ڤایرۆسەکە مردوون.
ئەم ڤایرۆسەش بۆ وڵاتانی دراوسێی کۆنگۆ بووەتە مەترسی و ئێستا لە ئۆگەنداش بڵاو بووەتەوە.
ئیبۆلا چییە؟
ئەمە ڤایرۆسێکی کوشندە و مەترسیدارە کە تائێستا ڤایرۆسەکە هیچ دەرمان و ڤاکسینێکی نییە، رێژەی کوشندەییەکەی نزیکەی 50٪ـە لەکاتێکدا رێژەی کوشندەیی کۆرۆنا 15٪ و کەمتریش بوو.
لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، نزیکەی 15 هەزار کەس لە وڵاتانی ئەفریقا بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە. کوشندەترین بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ لەنێوان ساڵانی 2018 و 2020 بوو، کە تێیدا نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستدا. تەنانەت ساڵی رابردووش 45 کەس هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەکە لە ئەفریقا گیانیان لەدەستدا.
نیشانەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئیبۆلا
- تا و بێهێزی
- ئازاری ماسوولکەکان
- سەرئێشە
- سکچوون
- رشانەوە
- لیکی سەر پێست
- خوێنبەربوون
- شەکەتی و نەمانی ئارەزووی خواردن
چۆن ئیبۆلا دەگوازرێتەوە؟
- بەرکەوتنی راستەوخۆ بە خوێن، میز، بەڵغەم و رشانەوەی کەسی تووشبوو
- تێکەڵاوبوون و مانەوە لەو شوێنانەی گیانداری کێوی لێیە بەتایبەت شەمشەمەکوێرە
- گەشتکردن بۆ ئەو شوێنانەی ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوە
- سێکس لەگەڵ کەسی تووشبوودا
- دایکی تووشبوو بۆ منداڵەکەی لەڕێگەی شیرپێدان
- بەرکەوتن بە کەلوپەلی پیسبووی تاقیگە بە خوێن و پاشماوەی کەسی تووشبوو
