رووداو-تەندروستی
لە گوندی بانی خێڵانی سەر بە قەزای دەربەندیخان، منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ بەناوی سەدا سەرتیپ محەممەد، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 3 کاژێر لەنێو ئۆتۆمبێلدا جێما بەهۆی بێ ئۆکسجینی گیانی لەدەستدا.
سلێمان محەممەد، قایمقامی پێشووی دەربەندیخان کە بەشداریی پرسەی منداڵەکەی کردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "منداڵەکە لەگەڵ دایک و باوکی چوونەتە دەرەوە بۆ هێنانی ئاوی خواردنەوە، لە کاتی گەڕانەوەدا لەنێو ئۆتۆمبێل خەوی لێکەوتووە، دایک و باوکی پێیان وا بووە دابەزیوە و چۆتە ماڵی خزمێکیان، بۆیە ئاگایان لێی نەماوە."
وریا عەبدولڕەحمان، یەکێک لە خزمەکانی منداڵەکە بە رووداوی گوت: "چوون بۆ ئاوی خواردنەوە بێنن چونکە گوندی بانی خێڵان کێشەی ئاویخواردنەوەی هەیە بیرێکی هەیە دەبێت خەڵک لەو بیرە ئاو بهێنن و نەیانزانیووە و منداڵەکەیان لەنێو ئۆتۆمبێل جێهێشتووە"
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، تەرمی منداڵەکە رەوانەی پزیشکی دادی دەربەندیخان کراوە.



