سەمیع زوبێر
رووداوـ ئاژانسەكان
سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، عێراق پێویستی بە جەنگێكی هاوشێوەی جەنگی بەدری سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام هەیە.
لە ئاهەنگی 23یەمین ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوی بەدر، كە لە هۆتێلی رەشید لە شاری بەغدا چالاكییەكانی بەڕێوەچوو، نوری مالیكی گوتی: "ئەمڕۆ ئێمە پێویستیمان بە بەدرێكی دیكە هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەو بونیادنان و بەڕێوەبردنی وڵات و رووبەڕووبوونەوەی بكوژان".
مالیكی گوتیشی "لەسەردەمی حوكمی دیكتاتۆریدا كەسانێك تاوانی قێزەونیان دژی عێراقییەكان ئەنجامداوە، لەبەرئەوە ئێستاش عێراق پێویستی بە كاركردنی زۆرتر هەیە لەپێناو دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابوری و بەرەوپێشبردنی خزمەتگوزارییەكان".
دوای شكستی هێزەكانی ئەمنی لەپاراستنی ئاسایشی شارەكانی عێراق سەدرەدین قەبانجی، پێشنوێژو گوتارخوێنی شاری نەجەف لەگوتاری رۆژی هەینیدا داوایكرد دۆسیەی ئەمنی شارەكە بدرێتە دەست رێكخراوی بەدر.
فەیلەقی بەدر رێكخراوێكی شیعە مەزهەبەو لە كۆتایی ساڵی 1980 (محمد باقر حەكیم)ی سەركردەی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی كۆچكردوو دایمەزراندووە.

.jpg&w=3840&q=75)

